ده‌میرتاش: هه‌رێم ڕۆڵی گرنگی هه‌یه له‌چاره‌سه‌ر پرسی كورد

به‌گوێره‌ی میدیاكانی توركیا، (كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی) جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی (15/2/2013)ی زاینی به‌رامبه‌ر به (26ی ڕێبه‌ندانی 2712)ی كوردی، له‌هۆڵی تایبه‌تی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی له‌ناو په‌رله‌مانی توركیادا، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته كۆبوونه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی‌و شانده باڵاكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌په‌رله‌مانی توركیا دوو كاتژمێری خایاندووه‌و جگه له (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی‌و (ئه‌حمه‌د تورك) هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی جڤاكی دیموكراتی‌و (له‌یلا زانا) په‌رله‌مانتارو نوێنه‌ری ئامه‌دو (سری ساكیك) په‌رله‌مانتارو نوێنه‌ری موش، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌نوێنه‌رانی كورد له‌په‌رله‌مانی توركیا به‌شدارییانكردووه.
لای خۆیشیه‌وه هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی بۆ ڕۆژنامه‌وانان وتوویه‌تی:"ئێمه به‌گرنگییه‌وه له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و توركیا ده‌ڕوانین‌و پێمانوایه، په‌یوه‌ندییه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو ئه‌نكه‌ره، ده‌توانێت ڕۆڵێكی گرنگ‌و سه‌ره‌كی له‌چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌توركیادا بگێڕێت".
پێشتریش له‌كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، (كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ) پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ دانوستانی نێوان ئه‌نكه‌ره‌و ئیمراڵی نیشاندابوو، ئاشكراشیكردبوو، له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان، له‌گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
NNA