ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 5ـی 2013 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی پارلەمانی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە پارێزگارانی نەینەوا و دیالە و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدیین و چەند سەركردەیەك لە لیستی ئەلعەراقییە.

سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێز كۆسرەت ڕەسوول جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشدار بوون سەرەتا سەرۆكی پارلەمانی عێراق باسی بارودۆخی قەیراناویی عێراق كرد و ئاماژەی بە ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ئەمنیی وڵات و نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و تاكڕۆیی دەستەڵاتدارانی بەغدا و پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی دیكە و پێشێلبوونی دەستووری كرد. هەروەها نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند لەوەی كە عێراق لە لێواری ئاگرێكی گەورەدا دەژیت و بە پێویستیشی زانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بچێتە سەر ڕێڕەوێكی دروست.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و نیگەرانیی خۆیشی لە قووڵتربوونی كێشەكان و شڵەژانی باری ئەمنی و سیاسیی عێراق بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و گوتی: من بەر لە ساڵێك باسی ئەو بارودۆخە خەراپەم كرد كە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت و پێشبینیی ئەوەیشم كرد كە ئاراستەی كێشەكان بەرەو كەشێكی پڕمەترسی و تاكڕۆیی و نكۆڵی دەڕوات. سەرۆك بارزانی ئەوەشی ڕوونكردەوە سەرچاوەی هەموو گرفتەكان پێشێلكردنی دەستوور و پشتگوێخستنی پڕەنسیپی شەڕاكەت بووە.

تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە قسەكردن لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و گۆڕانی نەخشەی سیاسیی عێراق بوو و ئامادەبووان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و پابەندبوون بە شەڕاكەت خستەڕوو.