ئەمڕۆ 16-5 لە شاری سلێمانی، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق و وەفدێكی یاوەری.

دواتر لە كۆبوونەوەیەدا سەید عەممار حەكیم بە گەرمی هەواڵی تەندروستی سەرۆك مام جەلال- ی پرسی و هیوای خواست هەرچی زووە بگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان، لەو رووەشەوە رایگەیاند: مام جەلال سەركردەیەكی دیارە لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت عیراق و كوردستان، هەروەك رەمزی ئاشتی و پێكەوەژیانیشە لەڕووی بەرقەراكردنی ئەمن و ئاسایش و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی عیراق.

لە بەرامبەردا خاتوو هێرۆ ئیبرایم ئەحمەد هەواڵی باشی تەندروستی سەرۆك مام جەلال- ی بە بەڕێزیان گەیاندو وتی: ئێستا هەڤاڵ مام جەلال قۆناغەكانی چارەسەركردنی بە باشی تێپەڕاندووە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردو تەئكیدیشیان لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردەوە، هەروەك پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتكرایەوە .

سەرچاوە/ pukpb