ئەمڕۆ 14/5،عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران چاویكەوت بە هونەرمەندی ناسراو كوردستان  ناسری رەزازی.

لەو دیدارەدا جێگری سەرۆكی حكومەت ڕۆڵی هونەرمەند ناسڕی رەزازی لە خزمەتكردنی  هونەری كوردی بەرز نرخاند, كە لە سەردەمی خەبات و ڕۆژە سەختەكان توانی ببێتە بەشێك لە شۆڕشی كورد و بە سروود و گۆرانیەكانی شان بەشانی پێشمەرگە خزمەتی بەرچاوی پێشكەش بە گەلەكەی كردووەو جۆش و خرۆشی  دەدایە كۆمەلانی خەڵكی كوردستان.  لە ئیستاشدا هونەرمەندی ناسراوی كوردستان بەردەوامە لەخزمەتكردنی هونەری كوردی و شوێن دەستی دیارەو خاوەنی خەسڵەتی هونەری تایبەت بەخۆیەتی.

هەر لەدیدارەكەدا بەڕێز عیماد ئەحمەد باسی لەوەشكرد حكومەتی هەرێم بایەخی بەرچاو بەهونەر و هونەرمەندان دەدات و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات ژینگەیەكی لەبار بۆ كارو چالاكییەكانیان بڕەخسێنێت بۆ خزمەتی هونەری رەسەنی كوردی و پەرەپێدانی هونەر هاوشانی پێشكەوتن و گەشەسەندنەكانی ئەمڕۆی كوردستان. ڕاشیگەیاند هەموو گەلێك لەڕێگەی هونەرەوە دەتوانێت ئەو پەیامەی كەهەیەتی بیگەنێت بەدونیا. بۆ ئەمەش گەلی كورد دەتوانێت لەڕێی هونەرەوە پەیامی ئاشتی و پێشكەوە ژیان و خۆشەویستی پێشكەش بە میللەتان بكات.

لەبەرامبەردا هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی جێگری سەرۆكی حكومەتی كردو بەڵێنی دا لەڕێگەی هونەرەكەیەوە بەردەوام بێت لەخزمەتكردنی هونەری كوردی.