به‌مه‌به‌ستی‌ تاووتوێكردنی‌ میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، وه‌فدێكی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ عیراق دێته‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌.

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فالح فه‌یاز راوێژكاری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق بۆ كاروباری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ و ئه‌ندامیه‌تی‌ د.تارق لێپرسراوی‌ نووسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق و فه‌ریقی یه‌كه‌م بابه‌كر زێباری‌ سوپاسالاری‌ عیراق سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كرد.وه‌فده‌كه‌ له‌ نووسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ جێگری سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ جێگری سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان،  د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سكرتێری گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و  فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ پێشوازییان لێكرا.


له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی‌ دوایین پێشهاته‌كانی‌ ره‌وشی عیراق و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی‌ ده‌ستوور بن و مێزی‌ گفتوگۆ به‌ چاره‌سه‌ری‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كان بزانن.
ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ وه‌فدی هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌غدا و ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ له‌نێوانیان ئه‌نجامدراوه‌، كۆبوونه‌وه‌ میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ خسته‌به‌رباس و قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیانه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێ به‌ ئامانجی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و نه‌هێشتنی‌ هیچ جۆره‌ سارد و سڕییه‌ك له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
خه‌ندان