سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە (موراد قەرەیلان) کۆمەڵێک مەرج دەداتە دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانان لەلایەن (پەکەکە)وە و یەکێک لە مەرجەکانیش ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی (پەکەکە)یە لە گرتوخانەی ئیمڕالی.

 پێگەی گازێتە 24-ی تورکیا بڵاویکردەوە، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئاسمانی (Newroz TV) دا سەرۆکی کۆنسییەی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە (موراد قەرەیلان) باسی لە بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی پڕۆسە سێ قۆناغییەکه‌ی چارەسەری پرسی کوردی کرد و لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆسەی چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانی قەندیل لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە کۆمەڵیک مەرجی پارتەکەی ئاشکرا کرد.

دەربارەی مەرجی یەکەمیان، قەرەیلان ڕایگەیاند، لەپێناو کشانەوەی پارتەکەی داوای چاکسازییان کردووە لە داڕشتنەوەی یاسای بنچینەیی تورکیا و ڕایگەیاند " لە دەمی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی ئیمڕالیدا سێ قۆناغ بۆ چارەسەری پرسی کورد خرایە ڕوو، یەکه‌م قۆناغیش ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کشانەوە بوو، ئەمەش لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا".

هەروەها قەرەیلان وتی: "هەروەک چۆن ئەم جەنگە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی (پەکەکە) یان کشانەوە هەیە، ئاواش پێویستی بە داڕشتنەوەی یاسای بنچینەیی تورکیا هەیە کە پێک دێت لە بەدیموکراسیبوونی وڵاتی تورکیا و لابردنی ئینکاریکردنی کورد و دانپێدانان بە بوونی ئەم نەتەوەیەدا" وتیشی: "پاش ئەوەی ئەنجامێکی سەرکەوتوو لەم خاڵانەدا هاتە ئاراوە، قۆناغی سێهەمی پڕۆسەکە دەست پێدەکات کە دەتوانین ناوی بنێین پڕۆسەی ئاسایی بوونەوە و سەرفرازی و تێیدا دەبێت گەلی کورد و تورک بەرامبەر بەیەکتری بەخشندەیی و لێبوردەیی خۆیان ڕابگەیه‌نن"

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا، قەرەیلان باسی لە گرنگی ئازادکردنی (عەبدوڵا ئۆجەلان) کرد و ڕایگەیاند "لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی ئاشتی نێونەتەوەییدا پێویستە ئاشتەواییەکی هەمیشەیی بێتەئاراوە و به‌تایبه‌تیش به‌ ئازاد کردنی رێبه‌ر ئاپۆوە‌ هه‌موو که‌سێک ئازاد ببێت و هیچ ئه‌سیرێک نه‌مێنێت، لە پاشدا پێدەنێینە قۆناغی دانانی چەک لەلایەن گەرەیلاکانەوە".


خەندان-