(قه‌ره‌ته‌په‌و سلێمان به‌گ) داوای پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن

(شه‌ماڵ حه‌سه‌ن عه‌لی) لێپرسراوی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به NNA ڕاگه‌یاند، تائێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم له‌ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌دا جێگیركراون‌و هیچ هێزێكی پێشمه‌رگه نه‌چووه‌ته ناو شارۆچكه‌ی قه‌ره‌ته‌په.
لێپرسراوی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتی وتیشی:"ته‌نها هێزێكی هاوبه‌شی سوپای عێراق‌و لیوای سێی پیاده‌ی هه‌رێم، له‌بازگه‌كانی شارۆچكه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌دان‌و ئه‌وه‌ش پێش دروستبوونی ئاڵۆزییه‌كان بووه، ئه‌و هێزه تاوه‌كو ئێستا له‌و بازگانه‌دان، بۆیه به‌مه‌به‌ستی زیاتر پاراستنی ئه‌منیه‌تی شارۆچكه‌ی قه‌ره‌ته‌په داوامانكردووه، هێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌و ناو شارۆچكه‌كه جوڵه‌یان پێبكرێت، به‌ڵام تائێستا لیوای سێ‌و پێنجی هێزی پێشمه‌رگه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری شارۆچكه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌دان، نه‌هاتوونه‌ته ناو سه‌نته‌ری شارۆچكه‌كه".
لای خۆیشیه‌وه، عه‌قید (جه‌بار خدر) لێپرسراوی به‌شی یاسا له‌لیوای نه‌وت‌و گازی سلێمانی له‌سنوری دوزخورماتوو به NNA ڕاگه‌یاند، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی هه‌رێم له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمدان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی سوپای عێراق له‌و ناوچانه دروستیكردوون، هێزی پێشمه‌رگه پڕیانبكاته‌وه‌و ئه‌منیه‌تی ئه‌و ناوچانه له‌ده‌ستی تیرۆرستان بپارێزێت.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
لێپرسراوی به‌شی یاسا له‌لیوای نه‌وت‌و گازی سلێمانی له‌سنوری دوزخورماتوو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی هه‌رێم، ئارامی بۆ ناوچه كوردستانیه‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای دوزخورماتوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه‌یان، دانیشتوانی ناحیه‌ی سلێمان به‌گ داواده‌كه‌ن، هێزی پێشمه‌رگه بچنه ناحیه‌كه‌یان، چونكه دوو كیلۆمه‌تر له‌سه‌نته‌ری ناحیه‌كه‌وه دوورن، به‌ڵام تائێستا فه‌رمانی جوڵه‌پێكردنی هێزیان نییه بۆ سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سلێمان به‌گ.
به‌هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندان‌و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان‌و سوپای عێراق، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڕه‌وشی ئه‌منیی له‌ناوچه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌و سلێمان به‌گ‌و قه‌ره‌ته‌په‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ر به‌قه‌زای دوزخورماتوو ئاڵۆزیی تێكه‌وت، به‌هۆیانه‌وه سه‌دان كه‌س له‌خۆپیشانده‌ران‌و ئه‌ندامانی گروپه چه‌كداره‌كان له‌حه‌ویجه كوژران، به‌ڵام دواتر سوپای عێراق له‌قه‌زای حه‌ویجه پاشه‌كشه‌ی كرد‌و بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌دوو ڕۆژ قه‌زاكه له‌ژێر كۆنترۆڵی گروپه چه‌كداره‌كاندا بوو، دواتریش له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه كۆنترۆڵكرا.
بیلال جه‌عفه‌ر