بەرپرسی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی سێ‌ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەناچێت‌و دوادەكەوێت بۆ هەفتەی داهاتوو.

بڕیاربوو بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی‌ گرنگ لەوانەش پرسی هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتووی هەرێمی كوردستان ئەم هەفتەیە سێ‌ لایەنەكەی‌ ئۆپۆزسیۆن بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتوو ئیسلامی كۆببنەوە.

لەو بارەیەوەو لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ لڤین پرێسی یوسف محەمەد بەرپرسی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند بەهۆی ئیلتیزاماتی هەندێك لایەن ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەكە ناكرێت‌و دوادەكەوێت بۆ هەفتەی داهاتوو".

وتیشی هێشتا هیچ شتێك لەبارەی كۆبوونەوەكەوە باسنەكراوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە كۆبوونەوەكە لەئاستی لیژنەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكان دەبێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هیوا میرزا سابیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە(نها24)ی راگەیاند، كۆبوونەوەی سبەینێی لیژنەی هەماهەنگی سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن دواخراوە.

هیوا میرزا سابیر ئەوەشی خستەڕوو، پێمان باشبووە بابەتی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم‌و كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، زیاتر لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی تاووتوێ بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو سیناریۆ‌و ئەگەرەكان دیراسە بكەین، دواتر لیژنەی هەماهەنگی ئۆپۆزسیۆن كۆبێتەوە.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو باسی لەوەشكرد، بەباشیان زانیوە لیژنەی هەماهەنگی كۆبوونەوەكەیان دوابخەن، بۆ ئەوەی سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن بگەنە دەرئەنجامێك، دواتر كۆببنەوە.

وتیشی:"ئەگەری زۆرە لەهەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت".