وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه:مالیكی كه‌ركوكی به‌پێشمه‌رگه نه‌سپاردوه

له‌چه‌ند ماڵپه‌ڕێكی عیراقی هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبوه‌ته‌وه گوایه نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق په‌یوه‌ندی به هه‌ریه‌ك له د.به‌رهه‌م ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه كردوه‌و ئه‌وه‌ی پێ راگه‌یاندون كه كه‌ركوك به‌هێزی پێشمه‌رگه ده‌سپێرێت و هێزه‌كانی سوپای عیراقیش له‌و ناوچانه ده‌كشێنێته‌وه ناوچه‌كانی حه‌ویجه‌و قه‌ره‌ته‌په بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان.
له‌باره‌ی راستی ئه‌و هه‌واڵه‌وه PUKmedia په‌یوه‌ندیكرد به جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و لای خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: ئه‌و هه‌واڵه هیچ بنه‌مایه‌كی راستی تێدانیه‌و وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌وباره‌یه‌وه هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه.
وتیشی: وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ین به‌رگری له‌خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دژی هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌ك و به‌كارهێنانی چه‌كین.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند: بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی هه‌رێم و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هێزه‌كانی پێشمه‌رگه خراونه‌ته حاڵه‌تی وریاییه‌وه‌و به‌رپه‌رچی هه‌ر كارێكی تیرۆریستی ده‌ده‌نه‌وه ئه‌گه‌ر پریشكی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ناوچه‌كانی حه‌ویجه‌و موسڵ و شوێنه‌كانی تر بگاته ناوچه‌كانمان.