هه‌ولێر ئاماده‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانی حه‌ویجه راگەیاند
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، فیرقه‌ی 12ی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله، هێرشی كرده سه‌ر خۆپیشانده‌رانی قه‌زای حه‌ویجه و له ئاكامی پێكدادانی نێوانیشیان 50 هاووڵاتی كوژران و 200 ی دیكه‌ش بریندار بوون، ئەوە سەرەرای كوژرانی زیاتر له 8 سه‌ربازی عێراق و برینداربوونی ژماره‌یه‌كی دیكه.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانی ئه‌و پێكدادانه‌ش، د. مه‌غدید خدر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ولێر بۆ (رووداو) گوتی "زۆربه‌ی برینداره‌كان، كه بۆ شاری كه‌ركووك نێردراون، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ولێر خۆمان به به‌شێك له كه‌ركووك ده‌زانین و پێویستیان به هه‌ر شتێك بێت له كارمه‌ند و پزیشك و ده‌رمان بۆیان ده‌نێرین".
گوتیشی: "ته‌واوی نه‌خۆشخانه‌كانیشمان له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر بریندارێك و چاره‌سه‌ركردنی به‌پێی پێداویستییه‌كان".
rudaw