پرسی خۆ کاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ جاری سێیەم بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆتە جێی مشتومڕی نێوان لایەنەکانی دەسەڵات و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان، چەقی مشتومڕی لایەنەکان لەسەر ئەو بابەتەش، بریتییە لەوەی ئایا بارزانی جارێکی دیکە دەتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە یاخود نا؟.


بەپێی مادەی دووەم لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ، (سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە دەنگدانێکی گشتی و نھێنی و راستەوخۆ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ھەڵدەبژێردرێت)،
مادەی سێیەمی ھەمان یاسا دەڵێت (ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم بۆ چوار ساڵەو دەشێ بۆ جاری دووەمیش ھەڵبژێردرێـتەوە).

فاروق جەمیل، وەزیری پێشووی داد لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: "بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کاندید بکاتەوە، مەگەر یاساکەی بۆ ھەموار بکرێتەوە".

 لە مادەی حەڤدەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: "بەدەر لە حوکمی مادەی دووەمی ئەم یاسایە، سەرۆکی ھەرێم لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی ھەڵدەبژێردرێت بۆ ویلایەتی دووەم".

 
دکتۆر عوسمان عەلی،  پسپۆری یاسایی، پێیوایه‌؛ شیکردنەوەی ئەم مادەیەی یاساکە ئەوەیە، کە سەرۆکی ھەرێم دادەنرێت، بەڵام بەدەر لەم واقیعە و لەو حوکمە یاساییانەی لە مادەی ٢ دا ھەیە، دەڵێت "واتا  ئێمە سەرۆکی ھەرێم دادەنێین لەلایەن پەرلەمانەوە بەپێی ئەو سیاغە مێژووییەی کە ھەیە، بەڵام حوکمی ئەم مادەیە نایگرێتەوە، واتا مادام لەلایەن گەلەوە ھەڵنابژێردرێت، ئەو ویلایەتەی بۆ ھەژمار ناکرێت کە لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت".

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: "بەپێی ئەم یاسایە و بەپێی ئەم خوێندنەوەیە مەسعود بارزانی مافێکی سروشتی و یاسایی خۆیەتی، خۆی کاندید بکاتەوە".

بەڵام فاروق جەمیل دەڵێت: "ئەم شیکردنەوەیە دروست نییە، چونکە لە یاساکەدا ھاتووە کە ھەموو کەسێک تەنھا بۆی ھەیە دوو جار ببێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کاک مەسعود جارێک لەپەرلەمانەوە ھەڵبژێردراوە، جارێکیش لەلایەن خەڵکەوە، کەواتە ئەوە دوو جار".

ھاوشێوەی فاروق جەمیل، حاکم لەتیف مستەفا کە پسپۆڕێکی یاساییە دەڵێت: "مەسعود بارزانی دوو جار بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم خۆی ھەڵبژاردووە، لەلایەن پەرلەمانەوە بێت یان لەلایەن خەڵکەوە بێت جیاوازی نییە، گرنگ ئەوەیە بارزانی دوو ویلایەت سەرۆکایەتی ھەرێمی کردووە، مادەی حەڤدەیەمیش ئەمەی یەکلاکردۆتەوە و ھیچ بوارێک بۆ شیکردنەوە نییە". 

RUDAW