لە2009ەوە 80 رووفاتی ئەنفال لەناو عەلاگەدان

پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە(خەندان)ی راگەیاند"ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی لەشاری كەركوك_ مان كرد، بۆ بینی ئەو 80 روفاتەی كە لە 12ی كانوونی یەكەمی 2009ەوە لە تۆپزاوە دۆزراونەتەوە و لە پزیشكی دادوەری دانراون، بەڵام تاوەكو ئێستا بەخاك نەسپێردراون".
لە درێژەی قسەكانیدا وتیشی: "دەبوو بەشێوەیەكی فەرمی ئاگاداری كەسوكاری ئەو كەسانە بكرایەتەوە كە لە تۆپزاوە زیندانی بوون بۆ ئەوەی پشكنینی"DNA" ئەنجامبدەن، تاوەكو لەو رێگەیەوە بناسرێنەوە.
پەیمان عزەدین راشیگەیاند" شەرمەزارییە لە ساڵی 2009ەوە 80 رووفات لەناو عەلاگەدا هەڵبگیرێت" ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی خۆیان ناردووە بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ ئەوەی بزانن هۆكاری بەخاك نەسپاردنی ئەو رووفاتانە چین لە ئەنجامدا وەزارەت وتوویەتی تۆپزاوە، لەسەر هەرێمی كوردستان نیە و ناكرێت لەوێ بنێژرێن".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتیشی: "بۆ نابێت بستە خاكێك لەم هەرێمە بۆ ئەو رووفاتانە هەبێت خۆ دەتوانرا لە كەلار و چەمچەماڵ بنێژرێن".

لە درێژەی وتەكانیدا وتیشی: "تۆپزاوە لەسەر میلاكی وەزارەتی شەهیدانی بەغدایە و بۆیە هێشتا لە هەنگاونانی ئەوەین ئەو شوێنە بێتەوە سەر هەرێم و شوێنێكی مێژوویی لەوێ دروستبكەین بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە جینۆساید بە جیهان بناسرێت".