یهكێتی: قسهكانی محهمهد ئیحسان بێسهروبهرن

لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە"ئەو لێدوانەی ناوبراو جگە لە قسەی بێ سەروبەرو بێبنەماو خۆ گەورەكردن شتێكی ترنیەو دڵنیاشین كە هیچ كەسێك بەو قسەیەی ئەو باوەڕناكاتو بەداخەوە كە ئەو مەسەلەیەی بۆ شتی تر تەوزیف كردووە نەك بۆ باسكردنی راستیەكان بۆ رای گشتی".
ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
روونكردنەوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەبارەت بە لێدوانێكی بەڕێز محەمەد ئیحسان
بەڕێز محەمەد ئیحسان لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاووڵاتی ژمارە 1029 ی رۆژی 2013/4/9، كە تایبەتە بە ماددەی 140 و گرفتەكانی جێبجێكردنی، وێڕای باسكردنی چەندین مەسەلەی پەیوەست بەو مادەیەو ناوچەكانی كوردستان كە ئەكەونە دەرەوەی هەرێم، وتویەتی كە گوایا سەرەتا سەرۆك تاڵەبانی لە بارەی مەلەفی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بێ خەم بووە، تا ئەو وەختەی ئەو "محەمەد ئیحسان" پڕۆژەی گۆڕانكاری سنوری پارێزگاكانی لە 2007 بۆ بردووە ئەوسا ناردوویەتیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق.
ئەو لێدوانەی ناوبراو جگە لە قسەی بێ سەروبەرو بێبنەماو خۆ گەورەكردن شتێكی ترنیەو دڵنیاشین كە هیچ كەسێك بەو قسەیەی ئەو باوەڕناكاتو بەداخەوە كە ئەو مەسەلەیەی بۆ شتی تر تەوزیف كردووە نەك بۆ باسكردنی راستیەكان بۆ رای گشتی.
رۆڵو جێ دەستی سەرۆك تاڵەبانی بە كەیسی ناوچەكانی كوردستان لە دەرەوەی هەرێم روونو دیارو بەڵگە نەویستن كە مورافەعە مەزنەكەی لەناو ئەنجومەنی حوكمدا گەواهیێكی گەورەیە، هەروا رۆڵی سەرۆك تاڵەبانی لە داڕشتنی ماددەی 58 ی یاسای بەڕێوەبردنی عیراقو ماددەی 140 ی دەستوورو ئەو هەنگاوانەی تائێستا بۆ جێبەجێكردنی نراون مەزنو كارابووە، دواتریش ناردنی پڕۆژەی راستكردنەوەی سنووری پارێزگاكان بۆ پەرلەمانو دەیان هەڵوێستی توندی ئاشكراو نهێنی سەرۆك تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە حكومیو حزبییەكانی عیراقو دەوڵەتانی ئەمریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان جێی شانازی پێوەكردنن.
ناوبراو، ئەوە لەبیر خۆی ئەباتەوە كە لە خولی یەكەمی سەرۆك كۆمارییدا، چونكە سیستمی سەرۆكایەتی بوو ئەبووایە هەموو بڕیارێك بەتەوافوق لە دەستەی سەرۆكایەتی بووایەو دیارە هەموو لایێك ئەزانن كە ئەو كاتە لە ناو دەستەكەدا رێگری بۆ كۆدەنگی دروست ئەكرا، بۆیە لە خولی دووەمی سەرۆك كۆماری هەڤاڵ مام جەلال دا، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی نەمابوو و پێویستی بەوە نەئەكرد كە هەر پڕۆژەو بڕیارێك بخرێتە بەردەم كۆدەنگیو فیتۆوە، بۆیە لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیدا كەلە 2010/11/11، سەرۆك تاڵەبانی بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە، سەرۆك پسپۆڕو شارەزایانی ئەو بوارەی راسپارد كە پڕۆژە یاسای راستكردنەوەی سنووری پارێزگاكانی ئەو ناوچانە ئامادەبكەنو دوای ئامادەكردنیشی لە مانگی 11 ی 2011 نێردرایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، كە بەداخەوە لەبەر هۆكارگەلێك كە هەموو لایەكمان ئەیزانین سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تائێستا نەیخستووەتە بەرنامەی كارەوە.
لەلایێكی ترەوە، ئەبێ هەمیشە ئەو راستیە دووپات بكەینەوە، كە سەركردە سیاسییەكانی كوردستان، هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمەوە تا ئەمڕۆش سەبارەت بە كەیسی ئەو ناوچانەی كوردستان هاوڕاو هاوهەڵوێستو هاوئاهەنگو هاوكارنو رۆڵی ئەو سەركردانەش بە گرنگ ئەنرخێندرێ.
هاوكات، پێویستە ئەوەش بڵێین ئەو بۆچوونەی كە پێیوایە جێبەجێكردنی مادەی 140 بەهۆی كەمتەرخەمی یان گوێ پێ نەدانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان بووە، ئەوە پاساودانی سیاسەتی سەرۆكی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عیراقی دوای سەدام حسێنو ئەم یان ئەو فراكسیۆنی پەرلەمانییە كە ئاشكرا یان لە پشتی پەردەوە، ئەوساو ئێستاش دژی جێبەجێكردنی ماددەی 140 ن، چونكە دژی ئەوەن كە هەموو خاكی كوردستانی عیراق لە یەك هەرێمدا یەكبگرێتەوە، بۆیە جێی داخە كەسێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ئەركی بە دواداچوونو چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری لە ئەستۆبێتو لە كێشەكەو مەوداكانی نەگەیشتبێو یارونەیارەكانی بۆ لە یەكتر جیانەكرێتەوەو دواجار بە مەبەستی پڕوپاگەندەی سیاسیو لەبەر شارەزانەبوونی لە ئاڵۆزییەكانی كێشەكە بێتو ئۆباڵەكەی بخاتە ئەستۆی سەركردەیەكی وەك هەڤاڵ مام جەلال یان هەر سەركردەیەكی تری كوردستان.
لە كۆتاییدا داواكارین برای بەڕێزمان كاك محەمەد ئیحسان، ئەگەر لە وردەكاریو ئاڵۆزییە سیاسیەكانو مەودا ناوخۆییو ناوچەییو دەولییەكانی كەیسی "ناوچەكێشە لەسەرەكان" یش شارەزاو لێزان نیە، با لە باسكردنو گێڕانەوەی راستیە مێژووییەكان خۆی شارەزاو لێزان بكاو راستیەكان چەواشە نەكا.
مەكتەبی راگەیاندنی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2013/4/9