روونكردنهوهیهك لهوتهبێژی یهكێتی
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاوێنە كە
رایگەیاندووە، بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن هەڤاڵ
دكتۆر بەرهەم ساڵح-ەوە لەكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتیدا
هاتووە، "بێ ئەوەی پێشوەخت لە ناو مەكتەبی سیاسیو كۆمیتەی سەركردایەتی
یەكێتیدا ئەو مەسەلەیە باس كرابێت"، وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی
نیشتمانیی كوردستان، دەڵێت: "سەراپای هەواڵەكە بۆ شێواندنی هەڵویستی
یەكێتیو هەڵوێستی هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم-ە".لەبارەی هەواڵێكی ژمارەی ئەمڕۆی (ئاوێنە) ئازاد جندیانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی ئەم روونكردنەوەی بڵاوكردەوە:
سەبارەت بە هەواڵێكی لاپەڕە یەكی رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە 372 رۆژی 2013/4/9، كە تیایدا هاتووە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح-ەوە لەكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتیدا هاتووە، "بێ ئەوەی پێشوەخت لە ناو مەكتەبی سیاسیو كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیدا ئەو مەسەلەیە باس كرابێت" بە پێویستمان زانی روونی بكەینەوە، كە زانیارییەكانی ناو هەواڵەكە راست نینو سەراپای هەواڵەكە بۆ شێواندنی هەڵویستی یەكێتیو هەڵوێستی هەڤاڵ دكتۆر بەرهەمو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیە.
راستی ئەم كەیسە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، پرسی هەڵبژاردنەكان بە مەبەستی دیاركردنی هەڵویستی یەكێتی لەبارەیانەوە تاووتوێكراو باسكرا، كە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانو پەرلەمانی كوردستان پێكەوەو لە وادەی یاسایی خۆیدا بكرێ، كە ئەكاتە مانگی ئەیلولو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەریمیش بۆ ماوەیەكی دیاریكراوی شەش مانگ تا یەك ساڵ دوابخرێو بەستراوە بێ بە یەكلاكردنەوەی پرسی دەستوور.
دواتر لە كۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆكی هەرێم، بابەتی هەڵبژاردنەكان خراوەتە بەر باس، بەپێی زانیارییەكانی هەڤاڵانی یەكێتی بەشداربوو لەوكۆبوونەوەیە، هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەو بۆچوونەی بەو جۆرە خستووەتەڕوو كەلە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسی لێوەكراوەو لەوە زیاتر هیچی تری سەبارەت بەو بابەتە باس نەكردووە.
بەپێی زانیارییە رەسمییەكانی وەفدی یەكێتی لەكۆبوونەوەكە بەڕێز سەرۆكی هەرێم سوور بووە لەسەر جێی بەجێكردنی بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە، هەروا پێداگریشی كردووە كە بەبێ هەبوونی كۆدەنگی هەموو لایەنەكان هیچ گۆڕانكاریێك لەو بارەوە پەسند ناكا.
دواتر كەیسی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی باسكراوەو هەردوولا هاوڕابووین كە ئەو بابەتە سازانی نیشتمانی لەسەر هەبێ، بۆیە لە كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی رۆژی 2013/4/2، رێكەوتین لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەشی هەردوو لا بۆ سەردانی هەر یەكە لە سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆنو باسكردنی ئەو بابەتە لەگەڵیان، كە ئەو دیدارانە ئەنجامدرانو هەواڵی سەردانەكانیش چ بە هەواڵو چ بە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بە رای گشتی راگەیەندراوە.