شاندێکی لایەنە کوردستانییەکان نامەی سەرکردایەتی کورد دەگەیەنێتە بەغدا و دوای گەڕانەوەی شاندەکە بڕیاری یەکجاری لەسەر گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد دەدرێت.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی كوردەی حكومەتی فیدڕاڵ و سەرۆكی كوتلە كوردستانییەكانی نێو پارلەمانی عێراق كۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، نامەی سەرکردایەتی کورد نووسرا.

موئەیەد تەیب، وتەبێژی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "بەم نزیکانە شاندێکی لایەنە کوردستانییەکان نامەی سەرکردایەتی کورد دەباتە بەغدا، و گرنگترین داواکاریش پابەندبوونە بە دەستوور و رێککەوتنەکان".

موئەیەد تەیب گوتیشی "شاندەکە لە نوێنەرانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ پێک دێت و لە کاتێکی نزیکدا سەردانی بەغدا دەکەن و نامەکە دەدەنە هاوپەیمانی نیشتمانی".

وتەبێژی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستانی راشیگەیاند "دوای گەڕانەوەی شاندەکە و لەبەر دەرەنجامی سەردانەکە، بڕیار لەسەر گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد بۆ بەغدا دەدرێت".

رۆژی دووشەممە 2013/4/1، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد نەگەڕێنەوە بەغدا و نامەیەک بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی بنووسرێت.

بڕیاربوو نامەکە لەڕێکەوتی 2013/4/3 بنووسرێ و تێیدا داخوازییەکانی کورد بخرێتەڕوو، بەڵام دوای هاتنی شاندێکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بۆ هەولێر، نامەکە نەنووسرا.

شاندەکەی هاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لیژنه‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، باس له‌ چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان كرا.