ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەفدی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ (نەوشیروان مستەفا) رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتاییهات.

كۆبوونەوەكە كە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا، تێیدا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئارام شێخ محەمەد بەرپرسی ژوری هەڵبژاردن‌و مستەفای سەید قادر رێكخەری ژوری كارگێریی‌و دارایی گۆڕان بەشداربوون، بەڵام دوای كۆبوونەوەكە هیچ لایەكیان لێدوانێكی رۆژنامەوانیان بۆ رۆژنامەنووسان‌و راگەیاندنەكان نەدا.

لەلایەكی دیكەوە سایتی سبەی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە، بارودۆخی سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستان باسكراوەو لەبارەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە بیروڕا ئاڵۆگۆر كرا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، چاوەڕواندەكرێت هەرسێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن (بزوتنەوەی گۆڕان، كومەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان)، كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن‌و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم‌و دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم، تاووتوێ بكرێت‌و دواتر وەڵامی دروستی وەفدەكەی یەكێتی‌و پارتی بدەنەوە.

لەدوو رۆژی رابردووشدا، بۆ هەمان مەبەست وەفدی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی سەردانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئەمینداریی گشتی یەكگرتووی ئیسلامییان كردووە.

niha24