لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و بەئامادەبوونی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئەروپا‌و توركیا‌و چەند پرسێكی تر تاووتوێ كران.

سایتی فەرمی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لەئەنجومەنی وەزیران كرد، دواتر پوختەیەكی دەربارەی سەردانەكەی بەیاوەریی شاندێكی حكومەت بۆ هەریەك لەوڵاتانی (ئەڵمانیاو توركیا) پێشكەشكرد.

دەربارەی سەردانی ئەڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی ڕوونیكردەوە، سەردانەكەیان بۆ بەشداریكردن بوو لەكۆنفرانسی وزە بۆ ئەوروپا‌و لەمیانی كۆنفرانسەكەشدا، چاویان بە(ئەنگێلا مێركل)ی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا كەوت‌و داوایان لێكردووە پشتگیریی لەسیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەروەها ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی لەپرسی دابینكردنی وزەدا لەڕێگەی توركیاوە یارمەتیی ئەوروپا بدات.

لای خۆیەوە مێركل ڕایگەیاندووە، هانی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لەبواری وزەدا دەدەن، بۆ ئەوەی‌ بێن لەهەرێمی كوردستان كار بكەن.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، لەمیانی بەشداریكردنیان لەكۆنفرانسەكەدا، لەگەڵ سەرۆكی كۆمیتەی دابینكردنی وزە بۆ ئەوروپا كۆبوونەتەوە‌و ڕایگەیاند، ئیتر قۆناغێكی نوێ لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئەوروپا لەبواری وزەدا دەستپێدەكات.

دەربارەی سەردانی توركیاش، نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستەسەر ئەوەی، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا، پرۆسەی ئاشتی‌و هەوڵەكانی چارەسەركردنی ئاشتیانەی پرسی كوردیان لەتوركیا تاوتوێكردووە‌و هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دووپاتكرد‌ووەتەوە‌، كە پشتگیری لەپرۆسەكە دەكات.

دەربارەی ڕەوشی عێراقیش لەگەڵ سەرۆك وەزیران‌و بەرپرسانی توركیا، پێشهاتە سیاسی‌و ئەمنیەكانیان تاوتوێكرد‌و نێچیرڤان ئاماژەی بەوەدا، توركیا نیگەرانیی خۆی لەڕەوشی عێراق دەربڕیوە.

سەبارەت بەپرسی وزە‌و هاوكاری لەبەرهەمهێنانی وزەشدا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر هاوكاریی‌و ڕێككەوتنێك لەبواری وزەدا لەگەڵ توركیا بكات، لەچوارچێوەی دەستووری ‌‌عێراقدا دەبێت.

سەرۆك وەزیران باسی لەسەردان‌و كۆبوونەوە‌و دیداریان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی كورد‌و بەرپرسانی كەجەدە‌و بەدەپە لەئەنكەرە كرد‌و تیشكی خستەسەر ئەوەی، ئەوان خۆشحاڵبوون بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌ ڕۆڵێكی باشی لەپرۆسەی ئاشتی‌و سەرخستنی پرۆسەكەدا هەیە‌و هیوایخواست، پرۆسەكە بگاتە چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دەربارەی یادكرنەوەی (25) ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی وەزیر‌و وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و ئەو كۆمیتەیەی كرد، كە كاریان بۆ ڕێخستنی ڕێوڕەسمەكە كردووە‌و وێڕای كەموكوڕییەكان، ڕێوڕەسمێكی سەركەوتوو بەڕێوەچوو.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان كرد‌و وەزیری دارایی‌و ئابووری ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستانی دەركرد، ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاساكە ئامادە كراوە‌و ئیتر بڕگەكانی یاساكە بەشێوەیەكی كردەیی دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەكانی ڕاسپارد تا لەچوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا، دەست بەجێبەجێكردنی یاساكە بكەن.‌