گەڕانەوەی نوێنەرانی كورد بۆ بەغدا یەكلایی دەكرێتەوە

د. ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆ (نها 24 و رادیۆی خەڵك) وتی "سبەی پێنج شەممە سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەبەغدا، چونكە كۆبوونەوەی یەكەمو دووەم بەكراوەیی هێڵدرایەوە، بەڵام پێدەچێت بەیانی كۆبونەوەی كۆتایی ئەنجام بدرێت".
وتیشی "لەكۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێك باسی لێوە دەكرێت كەگرنگترینیان بابەتی گەڕانەوەی نوێنەرانی كوردە بۆ بەغدا كەئاخۆ بگەڕێینەوە یان نا، هەروەها هەڵوێستی كورد لەبەغدا چی بێت ئەگەر گەڕاینەوەو هەڵوێستی لایەنەكانی تر چی دەبێت بەرامبەر بەكورد كەئاخۆ بەهاوبەشی سەرەكیمان دەزانن لەعیراق یان وەك پاشكۆ سەیرمان دەكەن، چونكە ئێمە پاشكۆیی قبوڵ ناكەین".
لەدوای پەسەندكردنی بودجەی 2013 ی عیراق بەبێ ئامادەبوونی كورد، گرژیو ناكۆكی كەوتە نێوان هەولێرو بەغداو تائێستاش ئەو ناكۆكیانە بەردەوامن.