زیپکە هۆی بێزاری ژیانی زۆربەی گەنجەکانە، بەڵام چیتر ڕۆژانی دروستبوونی ئەو پەڵانە دیاریکراو دەبێت پاش ئەوەی زانایان لە نوێترین توێژینەوەدا بۆیان دەرکەوت هەندێک کەس زیاتر لەبارن بۆ زیپکە وەک لەکەسانی دیکە.

توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆڕنیا-لۆس ئه‌نجلۆس ئەنجام درا و توێژەرەوان لەو زانکۆیە توانییان زانیاری نوێ بدۆزنەوە لەسەر ئەو بەکتریایەی کە لەسەر پێست دەژی و هۆکاری سەرهەڵدانی زیپکەیە.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا دەرکەوت ئەو بەکتریایە دوو جۆری هەیە، جۆری زیان بەخش کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی زیپکە و جۆری سودبەخش کە پارێزگاری لە پێست دەکات، هەربۆیە هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە جۆرە زیانبەخشەکەیە کە دەبێتەهۆی دروستبوونی پەڵە.

هەرچەندە تا ئێستا نادیارە کە بۆچی هەندێک کەس ڕێژەیەکی زیاتریان لە هەرکام لەو دووجۆرەی بەکتریا هەیە یان کامیان لەپێشتر دێن زیپکە یان بەکتریاکە، هۆکارەکانی دیکەش وەک هۆکاری بۆماوەیی و هەستیاری کۆئەندامی بەرگری بەهەمانشێوە کاریگەریان لەسەر گەشەکردنی جۆری سودبەخش یان زیانبەخشی بەکتریاکە هەیە.

توێژیەنەوەکە ئاسانکارییەکە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێی زیپکە و، 80%ی هاوڵاتیان لە تەمەنەکانی نێوان 11 تا 30ساڵی پێدەچێت توشی زیپکە ببن و بەتایبەتیش لەگەنجاندا بەردەوامی دەبێت.

دکتۆر هوینگ لی بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەکە دەڵێت: "سەرجەم بەکتریاکانی پیست نابنەهۆی دروستبوونی زیپکە، تەنانەت هەندێکیان کاردەکەن بۆ تەندروست مانەوەی پێست".

وتیشی: " کاردەکەین تا دۆزینەوە نوێیەکە ببێتە ڕێگایەک بۆ ڕاوەستاندنی ئەو پەڵانە پێش دروستبوونیان".

زانایان لێکۆڵینەوەیان لە بەکتریایەک کرد بەناوی "پڕۆپیۆنیبەکتیریەم" کە لە کونە چەورەکانی پێستدا گەشە دەکات، د.نۆوا کرافت پسپۆڕ لەبواری پێستدا و بەشداربوو لە توێژینەوەکە وتی: " هەستمان بە خۆشحاڵیکرد کاتێک بۆمان دەرکەوت بەکتریاکە جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەوەی کە لە پێستێکی نەخۆشەوە وەرمانگرتبوو بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی لە پێستێکی تەندروستەوە وەرگیرابوو".

بەڵام زانایان سەرسامبوون کاتێک جۆرێکی دیکەیان لەهەمان بەکتریا دۆزییەوە کە بەبڕوای ئەوان خاوەنی بەرگری سروشتییە و ئەو بەکتریایانە دەناسێتەوە و دیانکوژێت کە زیانبەخشن، هەروەها دەرکەوت ئەو کەسانەی کە بەدووربوون لە پەڵەکانی پێست، ڕێژەیەکی زۆرتریان لەم بەکتریا سودبەخشە هەبوو، بۆیە بەمەبه‌ستی گەڕانەوەی هیوا بۆ ئەوکەسانەی بەدەست زیپکەوە دەناڵێنن، زانایان لەوبڕوایەدان زیادکردنی ژمارەی ئەم جۆرە بەکتریایە بەشێوازێکی سادە و لەڕێی بەکارهێنانی کرێم و لۆشن-ەوە یارمەتی هێورکردنەوەی ئەم پەڵانە دەدات.

د.لی دەڵێت: "ئەم جۆرە بەکتریایە پێدەچێت پارێزگاری لە پێست بکات هەروەک چۆن بەکتریای زیندووی ناو ماست یارمەتی پاراستنی ڕێخۆڵەکانمان دەدات دژی مێرووە زیانبەخشەکان".

سەرچاوە: دەیلی مەیڵ