د. خه‌یروڵا: پابه‌ندین به بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم

د. خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عیراق، بۆ خه‌ندان، ته‌ئكیدیكرده‌وه، كه ئه‌وان وه‌ك پێنج وه‌زیره كورده‌كه، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بن له‌باره‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن، بڵاویانكرده‌وه، له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هه‌ریه‌ك له د. خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عیراق و هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌غدا بۆ به‌شداریكردن له دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
د. خه‌یروڵا، وتیشی: "سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه (21ی ئازاری 2013) من و وه‌زیری ده‌ره‌وه سه‌ردانی قه‌ته‌ر ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی بازرگانی و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیی كه ماوه‌ی ساڵێكه به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه".
ساڵی پار له (29/3/2012) لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له به‌غدا به‌سترا، تیایدا وه‌زیری بازرگانی عیراق، سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی بازرگانی و ئابووری وڵاتانی عه‌ره‌بیی كرد، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیی كرد، مام جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عیراق، سه‌رۆكایه‌تی لوتكه‌كه‌ی كرد.