بیست‌و دوو ساڵ لەمەوبەرو لەرۆژی 1991/3/7، خەڵكی شاری سلێمانی كڵپەی ئاگری راپەڕینیان لەهەناوی داگیركەردا كردەوە، ئەوەبوو لەماوەی كەمتر لەدوو رۆژدا شاری سلێمانی ئازادكراو لەوێوە، بەرنامەی ئازادكردنی سەرجەم شارو شارۆچكەكان كەوتە  قۆناغی جێبەجێكردنەوەو دواجار جەماوەری راپەڕیو گەیشتنە شاری كەركوك‌و لەگەڵ بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، كەركوكیش ئازادكرا.

بێسیمەكەی شۆڕش
دوای داگیركردنی وڵاتی كویت لەلایەن حكومەتی ئەوسای عیراقەوە، سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیهازێكی ناردە دەوروبەری رانیەو لەوێ كۆچكردوو عەزیز بەگ سەرپەرشتی دەكردو رۆژانە هەواڵی تازەیان دەدا بەسەركردایەتی،  ئیدی لەوكاتەوە بەرنامەی راپەڕین داڕێژراو سەرەتاش پەیوەندی بەمستەشارو چەكدارەكانی سەربە رژێم كراو چەندین نامەی سەركردەكانی یەكێتیان بۆ رەوانەكرا.

هەواڵێك لەئێوارەدا
دوای ئەوەی رانیە بوو بەدەروازەی راپەڕین‌و خەڵكەكەی لە 1991/3/5، راپەڕی‌و شارەكەیان ئازادكرد، هەریەك لە چوارقورنەو حاجیئاواو حەوزی بتوێن‌و پشدەرو چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان ئازادكران‌و ئاهەنگی سەركەوتنیان گێڕا.

سلێمانی، كە لەهەموو شۆڕشەكانی كوردا رۆڵی پێشەنگ‌و یەكلاكەرەوەی گێڕاوەو بەبێ سلێمانی شتێكی ئەوتۆ نەكراوە، لە راپەڕینی 1191یشدا بووە سەرقافڵەو بوو بەیەكەم پارێزگای كوردستان كەدامودەزگە سەركوتكەرەكانی بەعسی راماڵی‌و لە 1991/3/7 دا تاجی سەركەوتنی لەسەرناو بووە بناغەی ئازادكردنی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان، بەكەركوكیشەوە.

ئێوارەی 1991/3/6 پاش گەیشتنی هەواڵی رزگاركردنی رانیەو بازیان، لەسلێمانی جوڵەو شڵەژان هەستی پێدەكرا.

شانە چەكدارەكان خۆیان بۆ بەرەبەیان ئامادەكردبوو، لەبەرەبەیان‌و دوای كۆنتڕۆڵكردنی  زۆربەی رەبایەكانی رژێم، لەسەعات 10 ی سەرلەبەیانی رۆژی دواتر 3/7،  پێشمەرگە قارەمانەكان‌و خەڵكە تێكۆشەرەكەی سلێمانی، شاڵاویان بردە سەر "دائیرەی تەجنیدی سەرچنار"  كە بێ تەقە خۆیان دا بەدەستەوە، هەروا  "رەفیق حزبییەكان‌و پیاوانی رژێم"  زۆربەیان هەر لەو شەوەوە پەنایان بردبووە بەر  "دائیرەی ئەمنی سلێمانی‌و شوعبەی ئەنفالی حزبی"و لەماوەیەكی زۆركەمدا، هێرش برایە سەر "ئیدارەی ئەمنی سەرچنارو مونەزەمەی سەرچنارو فرقەی قادسیە لەسەرچنار"و لەیەك كاتدا دەستگیركران‌و چەند تەقەیەكی كەم تیایاندا روویدا، پاش گرتنی مەركەزی پۆلیسی سەرچنار، بەسەعاتێك پۆلیسەكان بەكوردو عەرەبەوە خۆیاندا بەدەستەوەو دواتر پێشمەرگەو شانە چەكدارەكان‌و لاوانی سەرچنارو تەواوی جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی بەرەو ئازادكردنی  "ئەمنی سلێمانی - ئەمنە سوورەكە"، بەڕێكەوتن".

ئەمنەسورەكە، دواقەڵای دوژمن
بەهۆی گردبوونەوەی هەموو كاربەدەستان‌و جەللادە ترسناكەكانی بەعس لەئەمنەسوورەكەی سلێمانی، شەڕێكی قورسی دوو رۆژە لەوێ رویداو سەرلە ئێوارەی رۆژی دواتر 3/8  ئەمنە سوورەكەش كۆنتڕۆڵكرا.

ئەو رۆژەی راپەڕینی شاری سلێمانی دەستیپێكرد، هێشتا  باڵەخانەی ئەمنەسوورەكە پڕبوو لەزیندانیانی كورد، ژوورە تەنگ‌و تاریك‌و ئینفیرادییەكان ئاخنرابوون لەرۆڵەكانی كورد بەتایبەتی رۆڵەكانی شاری سلێمانی.

شایەتحاڵەكانی ناو ئەمنەسورەكە لەبیرەوەریەكانی ئەو رۆژگارەدا دەگێڕنەوە كەپەیوەندیان بەدەرەوە نەمابوو، هیچ هەواڵێكیان پێنەدەگەیشت، تەنیا ئەوەنەبێت كەخەڵكی تازەدە ستگیركراو رەوانەی ئەمنە سوورەكەیان دەكردو ئەوان هەندێك هەواڵی تازەیان بە زیندانییەكانی دیكە دەگەیاند، بەڵام ئەو كاتەی لەبەربەیانی 3/7  دا كەیەكەم هەنگاوی راپەڕین دەستی پێكرد، دەنگی تەقە دەگەیشتە ناو هۆڵەكانی زیندان، زیندانیەكانیش هەستیان  بە شڵەژانی ئەمن‌و جەللادەكان دەكرد.

یەكێك لە زیندانییەكانی ئەو رۆژەی ناو ئەمنە سوورەكە كەبەهۆی راپەڕینەوە لەئەگەری مەرگ رزگاری بووە، دەڵێت: "شەوی 7 لەسەر 1991/3/8 بۆ چەند سەعاتێك دەنگی تەقە نەماو بێ هیوایی‌و ترسی تۆڵەسەندنەوەی فاشییەكان دایگرتین، بەڵام لەبەرەبەیانی ئەو رۆژەدا دەنگی تەقە زۆر بەنزیكی لێمانەوە دەبیسترا".

یەكێك لە زیندانییەكان بەهاوڕێكانی، وت: "برادەران من شەڕم زۆر دیوە ئەو فیشەكانە بەر بیناكەی ئێمە دەكەوێت‌و هێرش بۆ ئێرە دەكرێت".

هەروەها ئەو زیندانیەی ئەمنەسوورەكە دەگێڕێتەوە كەتەقە زیادی كردو ئەمنەكانیش تەواو شڵەژابوون‌و خۆیان لە پەناو پەستیردا حەشاردەدا، ئەفسەرەكانیان دەیاندۆزینەوەو قسەیان پێدەوتن كە بۆچی شەڕناكەن‌و دەترسن.

بەڕێوبەری ئەمنەكەش زوو زوو هەواڵی دەدانێ كە هێزیان پێدەگات‌و پێویستە خۆڕاگربن.

هەروەها دوانیوەڕۆی 3/8 دەنگە دەنگ‌و قەرەباڵغی لەهۆڵی بەرامبەر ژوورە ئینفیرادییەكان دەبیستراو زیندانییەكانیش لەپڕ بانگیان دەكەن كە ئێوە چین؟، لەقەرەباڵغییەكەدا دەنگێك، دەڵێت: "ئێمە تیپی 57 ی سەگرمەین، بەو شێوەیە ئەمنە سوورەكەی قەڵای بەعس‌و مەكۆی جەللادان كەوتە دەست شۆڕشگێڕەكان‌و بەهێزترین هیوای دوژمن رووخا.

رۆڵی ئێزگەكە
ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان، یاخود رادیۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و شۆڕشی نوێ، رۆڵی هەرە بنچینەیی‌و كاریگەری بینی لەجۆشدانی خەڵك‌و گەیاندنی هەواڵ‌و زانیارییەكان شانە چەكدارەكان‌و مەفرەزە پارتیزانەكان كە خۆیان بۆ راپەڕین ئامادەكردبوو.

چەند مانگێك بەر لە راپەڕین‌و بەفەرمانی  سەركردایەتی‌و بەپێی ئەو نەخشەیەی كە بۆ راپەڕین داڕێژرابوو، كەوتە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك بانگەوازو ئاگاداری‌و بروسكەی تایبەت بۆ ئامادەكردنی شانە چەكدارو رێكخستنەكان.

ئەمەی سەرەوە قسەی یەكێكە لەكادرە دیارەكانی ئەوكاتەی ئێزگەكەو لەبیرەوەرییەكانی خۆیدا ئەوەشمان پێدەڵێت كە هەرلە ئێزگەكە سوپای عیراق‌و چەكدارەكانی رژێمی بەعس دڵنیاكرانەوە كە ئەوان ئامانج نین‌و دەكرێت خۆیان بیلایەن بكەن، یان بچنە پاڵ جەماوەری راپەڕیو، هەروەها ئەوكاتە هەموو تواناكان بۆ بەهێزكردنی بابەت‌و بەرنامەكانی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان بوو، تەنانەت بڵاوكراوەكانی رێبازی نوێ‌و الشرارە، لەدەرچوون وەستێنران‌و هەموو كادرەكانی راگەیاندن كاریان بۆ ئێزگەكە كرد.

هەروەها، دەشڵێت: بۆ سەركەوتنی ئەو ئەركە پیرۆزە بریاردرا كە دوو ئێزگە لەكاردا بێت، دانەیەكی گەڕۆك لەسەر شەپۆڵی 41 مەتری كاری دەكردو ئێزگەیەكی جێگر لەسەر شەپۆلی 57 مەتری كاریدەكرد، ئێزگە 41 مەترییەكە لەگەڵ راپەڕیندا هاتە ناو شارەكان‌و هەردوكیشیان لەڕۆژی 1991/3/13، لەناو شاری سلێمانی جێگیركران.

بە یادی ئیزگەكەوە
د.شێركۆ عەبدوڵڵا

ئێرە دەنگی دڵی كوردستانە
دەنگی دڵی كوردستان، دەنگی
دلێری ئەو هەڵوێستانەیە
كە یەكێتی نیشتمانی
كوردستان رێكیان ئەخات
دەنگی دڵی كوردستان، هەموو
رۆژێك بەرنامەكانی لەسەر
شەپۆلی ورەی میللەتێك بڵاو
ئەكاتەوە
كە بەرزاییەكەی
سەد هەڵگوردە لە هەڵمەتێكا
سەد خەندەیە لە دەستكەوتێكا

بروسكەكان

(1)
لە كوێستانییەوە بۆ گەریمان:
هەورێكمان بۆ ناردن
پڕ پڕە لە باران
بارانی مناڵی شۆڕش‌و
وەك جاران پڕپڕە
لە ماچی پێشمەرگە
پەنجەرەكان بكەنەوە
رۆحتان ئەبێ بە چۆڕاوگە

(2)
لە فیدڕاڵەوە بۆ ئارام:
سەلامی عیشق
درودی كار
وا دار بەڕووە ساڵخوردەكان
بونەتەوە نەمام‌و
لە باخچەی نێرگز ئەخوێنن
لای ست بەهار

(3)
لە قەندیلەوە بۆ ئەڵوەن:
شەماڵ تەتەری ئێمەیە
دێتە لاتان
نامەكەی شیهابی پێیە
لێی نوسراوە
هەموو شەوێك لەو قەیوانە
میعراجی خوێن‌و خۆزگەیە
هەموو رۆژێك
پێنجی سێیە
هەواڵەكان
دوێ شەو گومان
لە جێژوانی دابان‌و تانجەرۆیەكا
لوغمێكی چاند
كە تەقییەوە
قوربانییەكەمان ویژدان بوو
بیرەوەری شیعرەكان بوو
خۆشبەختانە ئاو سەلامەت
دابانیشمان بێ زیان بوو
سەرچاوەكان ئەڵێن گومان
دوور لە چاوی عیلم‌و كەلتوور
لە ناو ئەقڵێكی تاریكا
یاری تەختەو ئاسن ئەكا
تاكو ببێ بە ڕقێكی زلی
ئەستور

ئاگاداری
بەبۆنەی یەكەمین چریكەی
دوای نسكۆو
لە خۆشی ناوی تۆ
ئەی شەهید
سبەینێ لە هۆڵی ئینتەرنێت
ئاهەنگێك ساز ئەكرێت
لە تابلۆو لە كۆنسێرت

ناونیشان:
كوردستان
گەڕەكی سەركەوتن
شەقامی جەماوەر
كۆڵانی نەسرەوتن
تەلاری ئازادی
بەرامبەر خانەی خۆر
نهۆمی متمانە
هاتن بۆ
هەمووانە

شەهیدەكانی سلێمانی لەراپەڕین دا
دوژمن دەیزانی راپەڕینی سلێمانی ئەگەر سەربگرێت دەبێ سەرەتای ئازادكردنی تەواوی كوردستان، بۆیە بەهەموو توانایەكییەوە دەیویست راپەڕین كپبكات‌و گیانی بەرخودان لەگەڵیدا خامۆش بكات‌و بیانترسێنێت، ئەوەبوو بەهەموو جۆرە چەكێك روبەڕووی پێشمەرگەو خەڵكی راپەڕیو بۆوەو لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك‌و پێشمەرگەی زۆر شەهیدكران، بەڵام ئازایەتی‌و رۆڵی پێشەنگی پێشمەرگەی بەرەی كوردستانی "بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"و چاونەترسیی خەڵكی راپەڕیوی سلێمانی، بووە هۆی ئەوەی كەمتەرخەمی نەكەن‌و دواجار شاری هەڵمەت‌و قوربانی راپەڕینی سەرخست‌و ئیرادەی یەكگرتووی كورد سەركەوت.

لەئەنجامیشدا رۆژی یەكەم واتا 1991/3/7، "73" شەهیدو رۆژی 3/8 كە دووەم رۆژی راپەڕینی سلێمانی بوو 48 شەهیدی لێكەوتەوە، لەگەڵ 45 بریندار، شەهیدو بریندارەكانیش تێكەڵ بوون لەپێشمەرگەو خەڵكی راپەڕیوی سلێمانی.

چین‌و توێژەكان بەشدارییان كرد
ئاشكرایە سەرجەم چین‌و توێژەكانی سلێمانی راپەڕینیان سەرخست‌و هەر توێژێك بەپاڵپشتی پێشمەرگەو شانە چەكدارەكان رۆڵی كاریگەری گێڕا لەو روداوە مێژووییەدا.

ژنێكی بەشداربووی راپەڕینەكانی 7 و 8-3 ی سلێمانی لەبەشێكی گێڕانەوەكانیدا، دەڵێت: لەگەڕەكی عەقاری بنكەیەك بۆ خوێن بەخشین دانرا، وەك ژنێكی كورد پەروەر یەكەم ژن بووم كە خوێنم بەخشی بەو بنكەیەو هانی ژنان‌و پیاوانی گەڕەكم دەدا بۆ ئەو كارە، دیارە ژنانی دیكەی گەڕەكی عەقاری رۆڵی دیارییان بینی لەدابەشكردنی سۆپاو نەوت‌و راخەرو خۆراك‌و ..هتد، بەسەر خەڵكی راپەڕیودا.

جگە لەگێڕانەوەكانی ئەم ژنە، شایەتحاڵەكان‌و زۆر سەرچاوەی دیكەش ئاماژە بەوە دەكەن كە ژنان‌و كچانی سلێمانی لەچەندین قۆڵەوە لەگەڵ پێشمەرگەو خەڵكی دیكەدا هێرشیان كردە سەر مۆڵگەو بنكەكانی بەعس.

لەساڵیادی راپەرینـدا،
ئینسكلۆپیدیایەك بۆ راپەرین پێویستە..!

گەر نیگایەك بەقوڵایی مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورددا بخشێنین، دەبینین پڕیەتـی لەكارەسـات‌و روداوی گرنگ، بەڵام‌ لەبارەی سـیاسـی‌و مێژووی یەوە، هیچكامیان بۆ كورد، هێندەی راپەرینە جەماوەریەكەی بەهاری ساڵی 1991  گەورەو گرنگ‌و كاریگەرنەبووە‌و نەهیچ سەردەم‌و رۆژگارێكیش، بەئەندازەی مێژووی ئەو چەند سـاڵەی پێش راپەرین، بۆ كورد  ماڵوێرانی‌و تراجیدیاو مەرگەسات ‌بووە..!؟

راپەڕین وەك روداوێكی گەورەی سیاسی، توانی زنجیری ژێر دەستەیی بپسێنێت‌و دڕبەشەوە زەنگی ناهومێدی میللـەتەكەمان بدات‌و، وەرچەرخانێكی قووڵ‌و گەورە لەژیانی سیاسی‌و، كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی، لەكەسایەتی تاكی كورددا بەدی بێنێت‌و، كورد وەك نەتەوە، لە حوكم‌و دەسەڵاتدا، بگاتە جێگایەك نەك هەر بتوانێ لەوبەشە، بۆ خۆی حوكمی  خۆی بكات، بەڵكە سەرۆكایەتی وڵاتێكی وەك عێراقیش بكات! لەو سۆنگەیەوە دەبینین هەرلەدوای راپەرین، ساڵانە كۆمەڵیك وتارو لێكۆڵینەوە  دەربارەی  ساڵیادی ئەو رۆژە دەنوسرێت، بەڵام كەم تا زۆر، دەبینین ئەوەی لەوبارەوە كراوە، هیچیان لەئاستی پێویست‌و، گەورەیی ئەو رۆژە پیرۆزو مەزنەدانە بوون، زیاتر هەوڵی تاكەكەسی دڵسۆزانە بوون‌و زۆریش لە بابەت وتویژینەوەكان‌و نائەكادیمـی بوون..!

بۆیە هەقوایە، حكومەتی هەرێم، بۆ گەورەیی‌و میژووی ئەو رۆژە پیرۆزە، وەك پڕۆژەیەك بۆ نووسینەوەی سەرتاپای ئەو رووداوە، هەوڵبدات لە رێگەی كەسانی  شارەزاو پسپۆر، لیكۆڵینەوەیەكی زانستی‌و ئەكادیمی، بۆ هەلومەرج‌و پێشهاتەكانی راپەرین‌و  رووداوەكان وەك  خۆیان، چۆن بوون، لەزمانی خەڵكە راپەریوەكە، شار لەدوای شارو ناوچە لەدوای ناوچە، هەر لەیەكەم راسان‌و چەخماخەی راپەرین لە ئۆردووگای زۆرەملێ ی خەبات‌و دوایی رانیەی دەروازەی راپەرین، تا رزگاركردنی كەركووكی گەرگۆشە!

هەموو بەوردی‌و ‌تێروتەسەلی، رووداوەكان چۆن بوون، وەك خۆیان، هەموو ئاوا بنوسرێنەوەو، لە كتێبێكی قەبارە گەورەدا بەچاپ بگەیەندرێت‌و هەرچی پەیوەست‌و پەیوەندیدار بێت بەڕاپەڕینەوە لە "فۆتۆگراف، بەڵگەنامە، چاوپێكەوتن، ..هتد"  لەنێوەڕۆكدا، هەموو لەخۆبگرێت‌و، ببێتە تاقە سەرچاوەی زانستی‌و باوەڕ پێكراوی مێژوویی‌و، وەك  ئینسكلۆپیدیایەك "دائرە المعاریف" بۆ راپەرین  بەچاپ  بگەیەنرێت.!

PUKmedia